ئاودانان؛ هێرش بۆ سەر ماڵی چالاکانی سیاسی و هەوڵدان بۆ تێرۆکردنیان بە مەبەستی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان

16:20 - 14 رێبەندان 2722

لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئاودانان لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١و لە ئەنجامی داسەپاندنی سزا و دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان، لەوانە ئایەت(یەزدان) عارفی‌نیا و سەجاد مورادی‌وەندان، کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی ناڕازایەتییەکان، هێرشی کردووەتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کە لە دەرەوەی وڵاتن و هەوڵی تێرۆری داون.

لە درێژەی ئەم کردەوەیەدا هێرش کراوەتە سەر بنەماڵەی حەمید (پەژار)مەلەکی و شۆڕش نەزەری و دایکی عیسا بازیار کە نەخۆشە و بە ویلچێر دەگەڕێ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان، کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان گەمارۆی ماڵی پەژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵاتیان داوە و جیا لە تەقەکردن لە ماڵەکەیان، گازی فرمێسکڕێژیشیان بەکار هێناوە کە لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا برایەکی ئەم چالاکە سیاسییە بەناوی ئەمین مەلەکی دوموچاوی بە گولـلەی ساچمەیی بریندار بووە و باقی ئەندامانی بنەماڵەکەشیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تووشی حاڵەتی خنکان و کێشەی هەناسە بوون.

پەژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، کە لە دەسپێکی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری ئاودانانەوە، چەند جار هەڕەشەی "تێرۆر و ڕفاندنی" لێ کراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی شۆڕش نەزەری و هەموو شووشەی ماڵەکەیان شکاندووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، مورادعەلی نەزەری، باوکی شۆڕش نەزەری، ٧٨ ساڵ تەمەنیەتی و نەخۆشیی دڵی هەیە و برایەکی ئەو چالاکە سیاسییەش کەمئەندامە و لەژێر چاوەدێریی بێهزیستیدایە کە هەردووکیان بەتوندی لە ئاکامی ئەم هێرشيدا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بنەماڵەی شۆڕش نەزەری لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، بەردەوام لەژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپادا بوون.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، شۆڕش نەزەری، چالاکی سیاسیی کورد، سێ مانگ پێش لە شاری هەوڵێر کرابووە ئامانجی تێرۆر و ڕفاندن، کە توانیبووی خۆی ڕزگار بکات.

لە لایەکی دیکەوە دایکی عیسا بازیار، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ئیلام، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان کراوە. عیسا بازیار لە وتووژێکدا، لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئیتلاعاتی ئاودانان لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا، بە دایکی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێت. بەوتەی عیسا بازیار دایکی کە نەخۆشە و لە سەر ویلچێر دەگەڕێ بە مەئموورەکانی وتووە، من کەسێکم نییە، کوڕەکانم لە ترسی ئێوە پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بوون و کچەکانیشم لە شاری کەرەجن. ئێوە بێن من ببەن؛ زۆرم پێخۆشە بێن من ببەن و لەوێ ڕامگرن و ئاگاتان لێم بێت چون من کەسێکم نییە.

عیسا(ئاوات) بازیار چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵاته. ناوبراو زیاتر لە چەندین ساڵ لە ئێران، کاری دەرهێنان و پووچەڵکردنەوەی مینی کردووە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە کوردپایان ڕاگەیاندووە کە خەڵکی ناڕازی پاش دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی ئەو شارە، ناڕوونیی چارەنووسی زۆرێک لە دەسبەسەرکراوەکان و داسەپاندنی سزا بە سەر ئەو دەسبەسەرکراوانە، بە هەڵکردنی ئاگر، هێنانەخوارەوەی پەیکەری مەیدانی بەسیجی ئەو شارە و دانی دروشمی "مەرگ بەر دیکتاتوور" و "سەجاد ئازاد نەکرێت، هەر شەو هەمان بەساتە"، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بە توندبوونەوەی سەرکوتکارییەکان نیشان دا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عەبدولوەهاب بەخشەندە، دادستانی ئاودانان باسی لە دەسبەسەرکردنی ١٠ کەس لە ناڕازییانی شەوی چوارشەممە و برینداربوونی ٥ هاووڵاتی کرد.

هەتا ئێستا شوناسی سێ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوی "محەممەد چراغی، زەبیوحوڵڵا جەمادی و سامان مورادی‌وەندان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە. سامان مورادی‌وەندان برای سەجاد مورادی‌وەندان، سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کەسانە نیوەشەو و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شاری ئاودانان دەسبەسەرکراون. ئەگەرچی ڕێژەی دەسبەسەرکراوەکان لەو ئامارە زۆرەترە و ئەو ڕێژەیە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شوناسیان، بۆ کوردپا ڕوون بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ئاودانانەوە، دۆخی شارەکە بەتوندی ئەمنییەتی کراوەتەوە و خێرایی ئینتێرنێتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییانیش لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بەشێکی دیکە لە گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی ئاودانان بەئەژمار دێت.

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە