بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی عوسمان ئیسماعیلی درێژ کرایەوە و چارەنووسی هەروا ناڕوونە

17:19 - 9 رەشەمه 2722

بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە و ناوبراو لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیە و چارەنووسی هەروا ناڕوونە.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، هەتا ئێستا دوو جار لە ڕۆژانی پێنجشەممە ٤ی ڕەشەمە و سێشەممە ٩ی ڕەشەمە، لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تلۆفۆنیی گرتووە.

عوسمان ئیسماعیلی هەتا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش حەفتەیەک لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوێزرا.