سیاوەش حەیاتی بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کرا
سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی"، بانگهێشتی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کرا.
سیاوەش حەیاتی، ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە، بەڵگەی بانگهێشتکرانەکەی بەدەست گەیشتووە و دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بەمەبەستی ئاخرین بەرگری، خۆی بە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە بناسێنێ.
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانبار، سیاوەش حەیاتی پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی بەفرانبار، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی ٩ی سەرماوەز، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێیانی کە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان لە کرماشانەوە چووبوونە سەحنە، لە کاتی گەڕانەوەدا لە بازگەی بێستوون بەبێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی یەکی ڕەزبەر لە گوندی "ورگمە" سەر بە داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو کە هەر لە سەرەتای دەسبەسەرکرانییەوە دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوا ڕاگوێزراوە و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بە کەفاڵەت ئازاد کرا.
سیاوەش حەیاتی لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان، نیشتەجێ لە گێڵانغەرب بە تۆمەتی "چالاکی و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی وتووێژی تلویزیۆنی و میدیا دژبەرەکانەوە و باس کردن لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان و بە زاڵم ناوبردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، بەپێی ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی بە ساڵێک زیندانی تەحزیزی مەحکووم کرابوو.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی سیاوەش حەیاتی "هاندانی خەڵک بۆ کوشتن و شەڕ بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بووە کە لە دادگادا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و هەروەها بە ڕەچاوکردنی ئەسڵی بێتاوان بوون بە پێی ماددەی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، حوکمی بێتاوانبوونی دراوە.