گوشاری بەرپرسانی زیندانی ورمێ خۆکوژیی زیندانییەکی لێ کەوتەوە

10:33 - 8 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە، زیندانییەک بە ناوی "سەعید سەلیمی‌فەر" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "سوڵتان‌ئاوا" هەڵکەوتوو لە ٣٥ کیلۆمتری جاددەی سەڵماس، بە خواردنی حەب لە زیندانی ورمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە بە نیشانەی ناڕەزایەتییدەربڕین بە گوشارەکانی بەرپرسی لێپرسینەوەی زیندانی ورمێ، هەوڵی خۆکوژی، داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، بەرپرسی لێپرسینەوەی زیندانی ورمێ، لەگەڵ گاردی زیندان، هێرشیان کردبووە سەر خەوتنگەی ژمارە ٥ و بە بیانووی پشکنین تەواوی کەرەستەکانی ئەو بەندەیان تێک دابوو کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ئەو زیندانییە بەرەوڕوو بووەنەوە.

سەعید سەلیمی‌فەر، نزیک بە ١١ ساڵ بەتۆمەتی پەیوەندییدار بە "ماددەی سڕکەر" لە زینداندا بووە.