کامێران؛ ئەحمەد باباخانی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

16:10 - 14 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان، ئەحمەد باباخانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

''ئەحمەد باباخانی'' ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانبار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانی شاری سنە گوازرایەوە.

ناوبراو پاش لێپرسینەوە بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزرابوو.

ئەحمەد باباخانی برای موسا باباخانی، چالاکی سیاسیی کورده کە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هۆتیڵ ''گوڵی سلێمانی'' لە شاری هەولێر لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کرا.