حوسنا (کەژاڵ) وەتەن‌پوور بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا

10:21 - 12 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندان، حوسنا (کەژاڵ) وەتەن‌پوور، ڕاوێژکاری یاسایی و چالاکی بواری ژنان، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئیلام، کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری، ٦ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت و ١١٠٠ کاتژمێر ڕاوێژکاریی یاسایی بە خۆڕایی، مەحکووم کرابوو.

کەژاڵ وەتەن‌پوور کە لە بواری ژنانی خەساردیتوو و ئەنجامدانی ڕاوێژکاری خۆڕایی چالاکی دەکات، لەلایەن دادگاوە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نێوخۆ و دەرەوە" و "تێکدانی نەزمی گشتی"، تۆمەتبار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە دادگادا لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، لیدربوونی ناڕەزایەتییەکان و بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسراوە.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەو چالاکەی بواری ژنان، لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە و ناوبراو لە قۆناغی دادڕەسی‌دا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو، بێبەری کراوە.

حوسنا (کەژاڵ) وەتەن‌پوور، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئیلام‌دا لەگەڵ لێدان و ئەشکەنجەکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئەو ڕێکخراوە، ڕاگوێزرابوو.

کەژاڵ وەتەن‌پوور لە کاتی دەسبەسەریدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە باتووم و قونداغی چەک، لە شان، دەست و هەروەها لە بندەست و هێلکەدانی درابوو.

مۆبایلەکەی، کارتی پێناس و ژمارە حیسابەکەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە دەستی بەسەردا، گیرابوو.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی و ئەشکەنجەکرانی توند، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام، ڕاگوێزرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتە و کەفاڵەت ئازاد کرابوو.

حوسنا(کەژاڵ) وەتەن‌پوور تەمەن ٢٩ ساڵ، خەڵکی شاری گێڵانغەرب سەر بە پارێزگای کرماشانە.