ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان؛ مەحکوومکردنی حوسنا وەتەن‌پوور لە ساڵێک و ٦ مانگ زیندانەوە هەتا سزا تەکمیلییەکان

12:07 - 6 رێبەندان 2722

حوسنا (کەژاڵ) وەتەن‌پوور، ڕاوێژکاری یاسایی و چالاکی مافی ژنان، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئیلام، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری، ٦ مانگ زیندانی هەڵسپێردراو، هەڵوەشادنەوەی پاسپۆرت و ١١٠٠ کاتژمێر ڕاوێژکاریی یاسایی بە خۆڕایی، مەحکووم کرا.

کەژاڵ وەتەن‌پوور کە لە بواری ژنانی خەساردیتوو و ئەنجامدانی ڕاوێژکاری خۆڕایی چالاکی دەکات، لەلایەن دادگاوە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەوە" و "تێکدانی نەزمی گشتی"، تۆمەتبار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە دادگادا لە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، لیدربوونی ناڕەزایەتییەکان و بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسراوە.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەو چالاکەی بواری ژنان، لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە و ناوبراو لە قۆناغی دادڕەسی بە دەست پێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو، بێبەری کراوە.

حوسنا (کەژاڵ) وەتەن‌پوور، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئیلامدا لەگەڵ لێدان و ئەشکەنجەکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئەو ڕێکخراوە، ڕاگوێزرابوو.

کەژاڵ وەتەن‌پوور لە کاتی دەسبەسەریدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە باتووم و قونداغی چەک لە شان، دەست و هەروەها لە بندەست و هێلکەدانی درابوو.

مۆبایلەکەی، کارتی پێناس و ژمارە حیسابەکەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە دەستی بەسەردا، گیرابوو.

ئەو ڕاوێژکارە یاساییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی و ئەشکەنجەکرانی توند، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام، ڕاگوێزرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتە و کەفاڵەت ئازاد کرابوو.