مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی بە زیندان، لێدانی قامچی، دوورخستنەوە و لێوەرگرتنەوەی لیباسی مامۆستایەتی مەحکووم کرا

11:11 - 6 رێبەندان 2722

مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، پێشنوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بە ١٧ ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی، ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری ئەردەبێڵ و لێوەرگرتنەوەی لیباسی مامۆستایەتی مەحکووم کرا.

ئەو مامۆستا کوردە بە تۆمەتی "ئەندامەتیی مەکتەب قورئانی کوردستان" بە ٦ ساڵ زیندان، "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ٦ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٥ مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی و لێوەرگرتنەوەی لیباسی مامۆستایەتی و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ، مەحکووم کراوە.

ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان بە بنەماڵەی ئەو مامۆستا کوردە، ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئایینە و لە کاتی دەسبەسەریدا، ئازار و ئەشکەنجەی مامۆستا سەیفوڵڵایان دابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا، خێزانی ناوبراو بە ناوی خاتوون قادری دەدەنە بەر لێدان  کە بەم هۆیەوە دەستی تووشی شکان بووە و دەسبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی جوانڕۆ کرابوو.

پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، خەڵکی شاری جوانڕۆ لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە، کۆ بوونەوە و خوازیاری ئازادکردنی دەسبەجێی ئەو مامۆستا کوردە بوون.

مامۆستا سەیفوڵلا حوسێنی، ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستانە.