ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان؛ نیگار داوودی بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا

10:58 - 6 رێبەندان 2722

نیگار داوودی، خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری ئیلام لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب و لقی ١٠٣ دادگای کەیفەری ٢ی ئەو شارە، سەرجەم بە ٢ ساڵ و سێ مانگ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی، دوو ساڵ نەچوونەدەرەوە لە ئێران و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیلام و لقی ١٠٣ دادگای کەیفەری ٢ی ئیلام، بەڕێوە چووبوو.

نیگار داوودی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتیی نێوخۆ/ دەرەوە"، بە ٢ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام" بە ساڵێک چالاکیی خۆڕایی بۆ ئیدارەی بێهزیستی ئیلام، مەحکووم کراوە.

هەروەها ئەو خوێندکارە کوردە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلام بە سەرۆکایەتیی "یاسر خەلەفی" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری، لێدانی ٧٤ قامچی و دوو ساڵ نەچوونەدەرەوە لە ئێران و بەشداری لە وانەکانی پەروەردە و شێکردنەوەی قورئان بۆ ماوەی ٢٠٠ کاتژمێر بە دانی کارنامە و پێدانی تەئیدیە لەلایەن ڕێکخراوی پڕوپاگەندەی ئیسلامیی پارێزگای ئیلام، مەحکووم کراوە.

لقی ١٠٣ دادگای کەیفەری ٢ی ئیلام، بەهۆی نەبوونی تاوانی پێشووی کەیفەری، حوکمی ٣ مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ٢٤٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بۆ سندووقی دەوڵەتی گۆڕییەوە.

نیگار داوودی، خوێندکاری ڕشتەی نەرم ئامێری زانکۆی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر لە ماڵەکەی خۆیاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ئەو کچە هاووڵاتییە کوردە پاش حەوتوویەک دەسبەسەری و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئیلام ڕاگوێزرا و لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و کەفاڵەت، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندان، ئازاد کرا.