ساسان چەمەن‌ئارا بە دانانی بارمتە لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا

10:56 - 5 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندان، ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کورد خەڵکی ئیلام پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی، هەتا کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوە لە زیندانی تارانی گەورە، ئازاد کرا.

ئەو هونەرمەندە تەمەن ٣٣ ساڵەیە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنی پارێزەری دیاریکراو بێبەری کراوە و تەنیا لە کاتی ئامادەبوون لە دادگا، دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر هەبووە.

پارێزەری ئەو هونەرمەندە کوردە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا، تەنیا جارێک دەستی بە دۆسییەی بریگرتەکەی گەیشتووە و لە کۆبوونەوەی دادگا هەل و دەرفەتی دادکۆکیی نەبووە.

ساسان چەمەن‌ئارا لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، بەهۆی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەکی ئەلف"ی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژ لە بەندی "٢٠٩ی زیندانی ئێڤین"، کە تایبەتە بە وەزارەتی ئیتلاعات، لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەو هەنەرمەندە لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەگەڵ ئازار و هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و پاش مانگێک لە دەسبەسەربوون تەنیا جارێک بۆ ماوەی یەک خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە.

ساسان چەمەن‌ئارا پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی گەورەی تاران کراوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی ڕاگیران و دەستپێڕانەگەیشتن بە دەواو و دەرمان، دەستی دابووە مانگرتن.