ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی نەغەدە

17:19 - 4 رێبەندان 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەلال تەپاک" تەمەن ٣٠ ساڵە، کوڕی مستەفا و خەڵکی شاری پیرانشار، بە شێوەی ناڕوون لە زیندانی نەغەدە دایە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە بەڕێوە نەچووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کردووە.

جەلال تەپاک، کرێکاری شارەداریی شاری پیرانشارە و کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش دوو مانگ دەسبەسەری پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو و چاوی بە بنەماڵەکەی گرتبوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆەملێ ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

جەلال تەپاک پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراو و بەهۆی قورسیی ئەشکەنجەدانییەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، هەتا ئێستا دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کراوە.