وەرزشوانێکی کامێرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:38 - 4 رێبەندان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، حەیدەر ئیبراهیمی، وەرزشوان و دەرگاوانی ساڵۆنی کوشتنی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو وەرزشوانە کوردەیان بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: پاش گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سەر ئەو وەرزشوانە کوردە، ناوبراو لە خانەی کوشتی کامێران دەر کراوە و پاش دەرکرانی ئەو وەرزشوانە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، ئەندامانی هەیئەتی کوشتیی کامێران لە نامەیەکدا، بۆ سەرۆکایەتیی ئیدارەی وەرزش و لاوانی ئەو شارە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەرکردنی حەیدەر ئیبراهیمی، دەست لەکار کێشانەوە و هاوکاری نەکردنیان لەگەڵ ئەو ئیدارەی، ڕاگەیاند.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شو‌ێنی ڕاگیرانی حەیدەر ئیبراهیمی، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.