چارەنووسی دوو هاووڵاتیی بۆکانی پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە

11:53 - 3 رێبەندان 2722

سەرەڕای تێپەڕینی حەفتەیەک لە دەسبەسەرکران و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، هەتا ئێستا لە چارەنووسی "عەلی گوڵمحەممەدی" و "وەلی گوڵمحەممەدی"، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو برا بۆکانییە پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: عەلی گوڵمحەممەدی نەخۆشیی دڵ و قەندی هەیە و وەلی گوڵمحەممەدی تووشبووی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییە و ناڕوونیی چارەنووسیان، نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار، ئەو دوو برایە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

وێنە: وەلی گوڵمحەممەدی و عەلی گوڵمحەممەدی