ئیلهام مودەڕسی بە دانانی بارمتە لە زیندانی کەچویی کەرەج ئازاد کرا

11:48 - 3 رێبەندان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندان، ئیلهام مودەڕسی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی فەردیسی کەرەج، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی کەچوویی، ئازاد کرا.

دادگاییکردنی ئیلهام مودەڕسی بڕیارە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، ئیلهام مودەڕسی، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی، وەپاڵدانی تۆمەتی بێ‌بنەما و پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی، مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ‌هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئیلهام مودەڕسی و بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو کچەیان دەسبەسەر کردبوو.

ئیلهام مودەڕسی لە ماوەی دەسبەسەریدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.