سیاوەش حەیاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا

11:14 - 14 بەفرانبار 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، پاش ٣٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بەفرانبار، سیاوەش حەیاتی، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی ٩ی سەرماوەز، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێکانی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی ئازادکراو لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر لە کرماشانەوە چووبوونە شاری سەحنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ کرماشان لە خاڵی پشکنینی بێستوون، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوون و ئازا و ئەشکەنجە درابوون.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر، لە گوندی "ورگمە"ی شاری داڵاهۆ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.

حەیاتی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەر، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بۆ زیندانی دێزڵاوای ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی مەدەنیی یارسان، لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان جێگیر لە شاری شاباد، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دژبەری حکوومەت و هاندانی بنەماڵەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و بە زاڵم‌ ناساندنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٥۰۰ی یاسای سزای ئیسلامی، ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان سیاوەش حەیاتی، "هاندانی خەڵک بە کوشتن و شەڕکردن بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی ئێران" بووە کە دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەپاندنی ئەو تۆمەتە بە پشتبەستن به ئەسڵی ۳۷ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، سیاوەش حەیاتیی بە بێتاوان ناساند.