سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی شیلان ڕەشیدزادە

11:41 - 2 رێبەندان 2722

شیلان ڕەشیدزادە، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری ژمێریاریی زانکۆی پەیام‌نووری سەقز، لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە هەتا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە ڕاگیراوە و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار، شیلان ڕەشیدزادە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی سنە، کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، ئەو خوێندکارە کوردە لە دەرەوەی ماڵەکەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی، ڕوون بووەتەوە کە دەسبەسەر کراوە.

شیلان ڕەشیدزادە ئەندامی ئەنجومەنی "هیوای زانستی" سەقزە.

هەتا ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە مەدەنییە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.