٤٣ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان سزا دران
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، باسی لە سزا دانی ٤٣ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە، سنە و مەریوان، بەپێی بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی کرد.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لە پارەی هەر کام لەو ٤٣ چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی کوردستان، بڕی ٦ میلیۆن تمەن کەم کراوەتەوە و بەوانیان ڕاگەیاندووە کە ئەو دۆخە هەتا کۆتایی مانگی جۆزەردان درێژەی هەیە و هەڕەشەیان لە چالاکانی سێنفی کردووە لە ئەگەری بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان خەڵکی ئێران، ئەو سزادانە دوای مانگی جۆزەردانیش، درێژەی دەبێت.
بەڕێوەبەرانی پەروەردە و بارهێنان هۆکاری ئەو سزادانەی چالاکانی سێنفییەیان بۆ بەشداری لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خەڵکی، گەڕاندووەتەوە.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە بەڕێوەبەرانی ئیدارەکانیان وتووە کە ئەوە "بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی بووە و ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنان، پابەندە بە جێبەجێکردنییەتی".
کارناسی حیراسەتی ئیدارەکان بە هێندێک لە مامۆستایانی سزادراویان ڕاگەیاندووە لە ئەگەری بەڵێندان سەبارەت بە بەشداری نەکردن لە ناڕەزایەتییە سێنفییەکان و پەشیمانبوونەوە، ئەو سزایە دوای مانگی جۆزەردان درێژ، ناکرێتەوە.
مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەر، دووشەممە ٢ی خەزەڵوەر، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە گیانلەدەستدان و دەسبەسەریی قوتابییان، دەستیان دابووە مانگرتن.
پاش دەستپێکی ڕاپەرینی سەرتاسەری، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند: پشتیوانی لە خەڵکەکە دەکات و هەوڵەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ چوونە ناوەوەی قوتابخانەکان و تەقەکردن لە قوتابییان بەتوندی مەحکووم و چەند جار لەو پەیوەندییەدا، بانگەوازی مانگرتن و کۆبوونەوەی کردبوو.
شوناسی ئەو مامۆستایانە کە سزا دراون:
سەقز:
سلێمان عەبدی، تاهیر قادرادە، سەلاح سورخی، خالید عەبدوڵڵاهی، ئامانج ئەمینی، ئەحمەد قادری، لەیلا عینایەتزادە، ئیسماعیل لامعزادە و لوقمان ئەڵڵامورادی
مەریوان:
تەحسین مستەفایی، عەلی دڵاوێز، شەیدا شەمس، فاتمە غوڵامی، سامان کوششی، فاروق سەعیدزادە و شیلان محەممەدزادە
دیواندەرە:
جەلیل عەلەوی، عادڵ میرزایی، خالید سلێمانی، عوسمان ڕەزایی، مێهدی سلێمانی، هیوا شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە، ئازاد مورادی و هیوا قوڕەیشی
سنە:
موختار ئەسەدی، کوورش عێزەتی، بەها مەلەکی، مەجید کەریمی، جەهانگیر بەهمەنی، موختار محەممەدی، بێهزاد قەوامی، ژیلا ڕەحیمی، سوهەیلا خالیدیان، ڕزگار حەیدەری، جەبار پاکزاد، عادڵ میرزایی و فەیسەڵ نووری