سنە؛ ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی ئیدریس مینبەری درێژ کرایەوە

10:51 - 2 رێبەندان 2722

بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئیدریس مینبەری، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ٣٦ ڕۆژی ڕابردوودا، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە بارودۆخی ئیدریس مینبەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی "نۆژین" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەز، ئیدریس مینبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا، گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، ئیدریس منبەری لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرابوو.