ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە پیرانشار گەیشتە ١٠ کەس
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری پیرانشار، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "وەفا ڕەسووڵیئازەر"، "فەخرەدین ئومیدفەر"، "قادر ئومیدفەر" و "موبین حوسێنزادە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ئەو چوار هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
لەو چوار کەسە دەسبەسەرکراوە، فەخرەدین و قادر ئومیدفەر، بران.
بەتۆمارکردنی ڕێژەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، کە شوناسیان هەتا ئێستا ڕوون بووەتەوە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی پیرانشار گەیشتە ١٠ کەس.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، تەها ڕەسووڵیان، ئەحمەد عەبدوڵلاپوور و شاهۆ عەبدوڵلاپوور خەڵکی شاری پیرانشار و سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "سینا دەشمێر"، "قادر محەممەدپوور" و "موحسین قادری" خەڵکی گوندی "گەزگەسک"ی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوون.
وێنە لە ڕاستەوە و بۆ چەپ: قادر ئومیدفەر، فەخرەدین ئومیدفەر و وەفا ڕەسووڵیئازەر