موژگان کاوسی بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا

11:07 - 14 بەفرانبار 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران، پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتیی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائم‌شار ئازاد کرا.

عوسمان موزەیەن، لە پارێزەرانی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاند: موژگان کاوسی پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ لە دەسبەسەریی کاتی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١، لە زیندانی قائم‌شار ئازاد کرا کە حوکمی ٦٢ مانگ زیندانی موژگان کاووسی لە دادگای ئینقلابی ساری، شیاوی پێداچوونەوەیە.

موژگان کاوسی بەپێی دادنامەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کراوە و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرا.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.