بۆکان؛ جەلال ئەمینی بە زیندان مەحکووم کرا

16:19 - 29 بەفرانبار 2722

جەلال ئەمینی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە، بە سێ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ،  هێزە ئەمنییەتییەکان بە داخستنی جاددەی "میراوا" بۆ بۆکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرت و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری، زیندانیی سیاسیی پێشوویە کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگێک لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرابوو.