سنە؛ فائێزە مودەڕس گورجی بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی دەسبەسەر کرا

16:03 - 29 بەفرانبار 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، فائێزە مودەڕس گورجی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، پاش سەردانی بۆ ناوەندی پۆلیسی ئەو شارە، بۆ وەرگرتنەوەی پلاکی ماشینەکەی کە لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵیادی یادکردنەوەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی، لە بەهەشتی محەممەدیی سنە لەلایەن مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان دەستی بەسەردا گیرابوو، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافی ژنان و کچی فائێزە مودەرس گورجی لەلاپەڕی تووییترەکەی خۆیدا، و‌ێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی دایکی نووسیوویەتی: "هۆکاری دەسبەسەرکرانی دایکم چوون بۆ بەهەشتی محەممەدی سنە، ڕۆیشتنی بۆ سەر گۆڕی ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب، لە ساڵیادی کوژرانیان و بردنی گوڵ بۆ سەر مەزارەکەیان بووە".

فائێزە مودرس گورجی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، لە سێیەمین ساڵیادی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بەنیاز بوو لە سەر گۆڕی ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب، لە گیانلەدەستداوانی ئەو کارەساتە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی سنە ئامادە بێت، بەڵام هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان بە داخستنی ڕێگای چوونە ناو بەهەشتی محەممەدی، ئیزنی بەشدارییان بە هاووڵاتییان لە سەر گۆڕی گیانلەدەستداوانی ئەو ڕێوڕەسمە، نەدا.

لەو ڕۆژەدا، پلاکی ماشینەکەی فائێزە مودەڕس گورجی لە بەرانبەر دەرگای چوونە ژوورەوەی بەهەشتی محەممەدی سنە، لەلایەن مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، دەستی بە سەردا، گیرابوو.