پیرانشار؛ باوک و کوڕێک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

12:03 - 28 بەفرانبار 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "ئەحمەد عەبدوڵلاپوور" و "شاهۆ عەبدوڵڵاپوور" خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە باوک و کوڕن و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروها ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی پیرانشار، پێنج مانگ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو. حوکمی ئەو هاووڵاتییە بە (تسلیم بە رأی)، بۆ ٣ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی کەم کرابووەوە.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، ئەحمەد عەبدوڵلاپوور بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، ئازاد کرابوو.