مەلا یوونس نەوخا بە زیندان و لێوەرگرتنەوەی جلی مامۆستایەتی مەحکووم کرا

22:58 - 27 بەفرانبار 2722

مامۆستا مەلا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی تەورێز، بە زیندان و لێوەرگرتنەوەی جلی مامۆستایەتی، مەحکووم کرا.

لە دادنامەی ئەو مامۆستا کوردەدا هاتووە: دادگا ئەو مامۆستایەی بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران'' بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی ''بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە. بە سەرنجدان بەوەی کە کردەوەی ناوبراو دەچیتە چوارچێوەی ماددەی ٤٣ی ئایینامەی دادسەرای دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت، بە لیوەرگرتنەوەی هەتاهەتایی جلی مامۆستایەتیی ئایینی مەحکووم دەکرێت و لە بەڕێوەبردنی یاساکانی ماددەی ٢٧ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ٩٢ لەکاتی بەریوەبردنی حوکمدا رۆژانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو حسیب دەکرێن و توندترین سزا بەرێوە دەچێت. بەڵام بە سەرنجدان بە تەمەن و نەبوونی پێشینەی کەیفەری و بەرپرسیاربوون لە بەرانبەر کار و کردەوەی خۆیدا و دۆخی وڵات لەوانە، نەخۆشیی کۆرۆنا و بە پستبەستن بە ماددەکانی ٤٦، ٥٢، ٥٣ و ٥٤ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ٩٢ و ماددەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری، پەسەندکراوی ساڵی ٩٩، ٦ مانگ لە سزای دیاریکراو لە سی ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ماوەی ٤ ساڵ تەعلیق سادە دەکرێتەوە و لەم ماوەیەدا پێش بە دووبارەبوونەوەی تاوانی نوێ بگرێ، ئەگەر لەم ماوەیەدا تووشی تاوانی نوێ ببێ، سزای تەعلیقی دەسڕدرێتەوە و  سزای دیاریکراو جێبەجێ دەبێ.

 حوکمی دادگا دژی ئەم مامۆستا ئایینییە بە بوونی خۆی دراوە و لە بەڕێوەبردنی یاساکانی ساڵی ٤٨ی دەسکاریکراوی ئایینامەی ڕۆحانییەت پێش لە ڕاگەیاندنی یاسایی، ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێداچوونەوەی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی گەلاوێژ، مامۆستا مەلا یوونس نەوخا بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ١ی گەلاوێژ، مامۆستا مەلا یوونس نەوخا پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ و  پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، مامۆستایانی شاری پیرانشار لە بەرانبەر ناوەندی گەورەی ئیسلامی، لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستا مەلا "یوونس نەوخا" و ناڕەزایەتیدەربڕین لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، کۆ ببوونەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ،"مەلا یوونس نەوخا" کوڕی خدر خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

مەلا یوونس نەوخا، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەت دەسبەسەر کرابوو.