زیندانی کەچوویی کەرەج: ئیلهام مودەڕسی مانی لە خواردن گرتووە

17:03 - 13 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، ئیلهام مودەڕسی تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی سنە و دانیشتووی فەردیسی کەرەج، لە زیندانی کەچوویی ئەو شارە، مانی لە خواردن گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە بە کوردپا ڕایگەیاند: ئیلهام مودەڕسی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی، وەپاڵدانی تۆمەتی بێ‌بنەما و پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە نەخۆشیی جەرگی هەیە و مانگرتن لە خواردن گیانی دەخاتە مەترسی و دەبێت بە شێوەی بەردەوام دەرمانەکانی بە کار بهێنێت."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ئیلهام پەیوەندیی جەرگی بۆ کراوە و هەروەها دایکی نەخۆشیی دڵی هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ‌هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئیلهام مودەڕسی و بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو کچەیان دەسبەسەر کردبوو.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی مودەڕسی، هەتا ئێستا لەگەڵ ئازادیی ئیلهام مودەڕسی بە دانانی بارمتە دژایەتی کراوە و ئیلهام لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.