بنەماڵەی هەستی حوسێن‌پەناهی، لە سەر بڕیار و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، کچەکەیان لە ماڵێکی سازمانیدا و بەبێ ئیزنی چاوپێکەوتن ڕاگرتووە

17:24 - 27 بەفرانبار 2722

لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا و پاش ئەوەی کە پزیشکان بێهیوایی خۆیان لە هاتنەهۆشی هەستی حوسێن‌پەناهی دەربڕی و پێشنیاریان بە بنەماڵەکەی دا کە لە ماڵەوە چاودێری بکەن، بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی "هەستی"یان لە نەخۆشخانە هێنایە دەرەوە.

 سەرچاوەیەی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، پاش مەرەخەسکردنی هەستی حوسێن‌پەناهی، بنەماڵەکەی لە سەر بڕیار و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ناچار کراون لە گوندی "قوڕووچای"ەوە بۆ ماڵە سازمانییەکانی سنە کۆچ بکەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بۆیان دیاری کردوون و ئیزنی هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکیان لەگەل هیچکەسیش نییە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئاستی وشیاریی هەستی حوسێن‌پەناهی کەمتر لە ٥ە، بەڵام چونکە چاوەکانی لێدەدا، بنەماڵەکەی هیوایان بە وشیاربوونەوەی هەیە و کچەکەیان هێناوەتەوە ماڵەوە و خۆیان چاوەدێریی دەکەن؛ لەو ماوەیەدا، هەستی دوو جار نەشتەرگەری بۆ کراوە و پزیشکەکان ناچار کراون بەهۆی چڵککردنی قوڕگی، قوڕگی دووبارە کون بکەنەوە.

هەستی حوسێن‌پەناهی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی قوڕووچای سەر بە شاری دێولان، لە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ەوە بەهۆی لێدان لە سەری چووەتە کۆماوە. کاناڵی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران بڵاوی کردەوە کە "بەپێی ڕاپۆرتە ناڕاستەوخۆکان لە دۆسییەی پزیشکیی هەستی، پزیشکەکان هۆکاری "مەرگی مەغزیان" بەهۆی لێدانی ڕاستەوخۆ لە سەری ڕاگەیاندووە".

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هەستی حوسێن‌پەناهی لەگەڵ چەند قوتابییەکی دیکە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە و حیراسەتەوە بانگهێشت کراون و گرتە ڤیدیۆیەکیان پێ نیشان دراوە کە ئەوان لە خۆپێشاندانەکانی قوتابییان بەشدارییان کردووە؛ دواتر حیراسەت بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر، ئەو چوار قوتابییەی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە و ئازار و ئەشکەنجەی کردوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: قوتابییەکان لە کاتی تەواوبوونی کاتی قوتابخانەدا ئەگەڕێندرێنەوە؛ لە کاتی چوونەوە بۆ ماڵ، قوتابییەکان بەگشتی و بەتایبەتیش هەستی لە دۆخی نائاساییدا دەبن و گریاون، بەڵام هەستی حوسێن‌پەناهی لە حاڵەتی زۆر نائاساییدا بووە و دواتریش دەزانن کە ماشینێکی هێزە ئەمنییەتییەکان کەوتوەتە شوێنیان؛ هەروا کە کاناڵی شۆرای هاواهەنگی ئاماژەی پێکردووە "هەستی خۆی لە ماشینەکە کە بە خێرایەکی کەم ڕۆیشتووە فرێ دەداتە خوارەوە".

ئەوسەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها دەڵێت: پاش ئەو ڕووداوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان باوکی هەستی دەخەنە ژێرگوشارەوە کە مردنی کچەکەی بە خۆکوژی ڕابگەیەنێ. بەڵام بەپێی هەندێ بابەتی وەک گوشاری توند لەسەر ئەو بنەماڵەیە، چاودێریکردنی ماشینی قوتابییەکانیان لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانەوە، ئیزنی چاوپێکەوتن لە نەخۆشخانە تەنیا لە پشت شووشەکان، و ئاماژەی کاناڵی شۆرای هاواهەنگی بەوەی کە "هەستی حوسێن‌پەناهی، بەهۆی بەرکەوتنی باتووم لە سەری، زەربەی دیتبوو"، راستیی رووداوەکە دەردەخەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هەستی حوسێن‌پەناهی پێشتر لە ترسی دەستدرێژی بۆ سەر کچە دەسبەسەرکراوەکان وتبووی کە تەنانەت ئەگەر بشمرم، هەڵدێم و ناهێڵم دەسبەسەر بکرێم.