سنە؛ پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "هوویە" بانگهێشتی دادگا کرا

10:34 - 27 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانبار، مامۆستا مادێح کەرەمی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "هوویە" سەر بە شاری سنە، بانگهێشتی دادگا لە شاری شوێشە، کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی قەزایی بەو مامۆستا ئایینیە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە دۆسییەی ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و"تێکدانی بیروڕای گشتی"، ڕەوانەی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان، کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: مامۆستا مادێح کەرەمی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ دادگاییەکەی لە دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان، بانگهێشت دەکرێت.

لەو پەیوەنییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار، مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەکی، پێشنوێژی گوندی "قازڵیان"ی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.