چوار هاووڵاتیی کورد بۆ شاری ئێرانشاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوورخرانەوە

12:33 - 25 بەفرانبار 2722

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەنسوور شاربان"، "ئەژدەر (هەژار) عەباسی"،"هیوا قوربانی ئەقدەم" و "محەممەد ئەلیاسی" خەڵکی شاری بۆکان، بۆ شاری ئێرانشاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوورخرانەوە و ڕەوانەی ئەو شارە کران.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە، بە دوورخرانەوە بۆ شاری ئێرانشار، مەحکووم کرابوون.

لە دادنامەی دادگادا، هاتووە: دادگا بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٧٩ و بەندی ت ماددەی ٢٨٢ لە یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ و بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٦١٠ لە کتێبی تەعزیرات پەسەندکراوی ساڵی ١٣٧٥، بەهۆی ڕوونبوونەوەی ئەنجامدانی تاوانی تۆمەتباران وەکوو موحاربە و بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢٨٣ و ٢٨٤ لە یاسای سزای ئیسلامی، مەنسوور شاربان و ئەژدەر عەباسی بۆ ماوەی ٥ ساڵ و هیوا قوربانی ئەقدەم و محەممەد ئەلیاسی، بۆ ماوەی سێ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری ئێرانشار، مەحکووم کراون.

هەروەها دادگا هۆشداری دابوو کە یەکەی جێبەجێکاری تاوانەکان لە جێبەجێکردنی حوکمەکە بە تەواوەتی ناوەرۆکی ماددەی ٢٨٥، لەبەرچاو بگرێت و لە دانی هەر جۆرە کەمکردنەوە و مافی ئیرفاقی وەکوو مەرەخەسی، دەنگی کراوە (رای باز)، ئازادی بێمەرج و هەڵپەساردن، بۆ تاوانباران، خۆی ببوێرێ.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٩٨، "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"مەنسوور شارەبان" و "هەژار عەباسی"یش، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە و بۆ چەپ: محەممەد ئەلیاسی، هەژار عەباسی، مەنسوور شاربان و هیوا قوربانی ئەقدەم