ڕاپەڕینی سەرتاسەری؛ مەهسا فەرهادی بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا

19:15 - 24 بەفرانبار 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مەهسا فەرهادی، هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "بەهرام پەناهی" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی تێكدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ زیندان، مەحکووم کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ناڕەزایەتیی بەنیسبەت ئەو حوکمە دەربڕیوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە، کراوە.

مەهسا فەرهاد لە ناوەندێکی خەدەماتی جوانکاری لە کۆمەڵگای ئێرەمی شارەکی ئەندێشە خەریکی کار بووە و لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، بەهۆی نەبوونی ڕووسەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

بنەماڵەی ئەو کچە لاوە پاش دوو ڕۆژ لە ناڕوونیی چارەنووسی کچەکەیان و سەردانی بەدەوام بۆ ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکان ئاگادار کران، کە مەهسا پاش دەسبەسەری بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزراوە.

ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت: نیما یووسفی، لێپرسی لقی ٨ی لێپرسینەوەی دادسەرای شارەکی شاهدی شەهریار، لێپرسی مەهسا فەرهادی بووە کە بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە و ٣٠ ڕۆژ دەسبەسەری کاتیی، بە سەر ئەو کچە هاووڵاتییەدا، سەپاندووە؛ بەڵام سەرەڕای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بنەماڵەی فەرهادییەوە، بەهۆی دژایەتییکردنی بەهرام پەناهی، دادوەری دۆسییەکەی، لە وەرگرتنی ئەو بارمتەیە و بڕیاری ئازادی کاتیی مەهسا فەرهادی، ڕێگری کردووە.