بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان

16:52 - 21 بەفرانبار 2722

محەممەد وەلدبەیگی کوڕی نێعمەت، ئاریان ڕەزایی کوڕی جەلیل و هێژا سلێمانی کوڕی سەیدکەریم، خەڵکی گوندی "نۆریاو" سەر بە شاری پاوە، بە شێوەی ناڕوون لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ڕاگیراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: ئەو سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەوان، هەتا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانبار، ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ زیندانی کرماشان ڕاگوێزران.

وێنە: هێژا سلێمانی