شێوەیەکی دیکە لە قەتڵی حکوومەتی/ گیانلەدەستدانی هەژار سەعیدزادە پاش ئازادیی کاتی

16:23 - 21 بەفرانبار 2722

لە سێ مانگی ڕابردووی خۆپیشاندانی خەڵکی کوردستان و ئێران، لە ئەنجامی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، سەبارەت بە چەندین حاڵەت لە گیانلەدەستدانی دەسبەسەرکراوەکان پاش ئازادیی کاتی، زانیاریگەلێک بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە کە لە دوایین حاڵەتدا کەسێک بە ناوی "ئەبووبەکر (هەژار)سەعیدزادە"، ١٨ ڕۆژ پاش ئازادکردنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای وتووە کە ئەبووبەکر (هەژار) سەعیدزادە، ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٤٠١، گیانی لەدەست دا.

بنەماڵەکەی تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری دەکەن هەتا هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بۆ ڕوون بێتەوە، بەڵام لە بەڵگەی پزیشکی دادوەریدا کە چەند ڕۆژی دوای بە خاکسپاردنی دەدرێتەوە بە بنەماڵەکەی نووسراوە کە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە "نادیار"ە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، شو‌ێنی ئازار و ئەشکەنجەی توند و شینهەڵگەڕان لە سەر پشت، سک و ڕانەکانی هەژار سەعیدزادە دیار بووە و ناوبراو پاش ئازادی بە تەواوەتی تووشی خەمۆکی، دوورەپەرێزی بووە و زۆر کەم قسەی کردووە؛ بە جۆرێک کە پاش ئازادیی کاتی، بە ماوەی دوو حەفتە خۆی لە ماڵەکەیدا، زیندانیی کردووە و تەنانەت ژن و منداڵەکانیشی بۆ شوێنێکی نادیار گواستوونەتەوە.

 هەروەها لێپرسەکان لە کاتی لێپرسینەوە بە زۆری لێدان و بە چاوبەستراوەیی چەند لاپەڕەیەکیان پێ واژۆ کردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هەژار سەعیدزادە، پێش لە ئازادکردنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، چای، کەیک و شیری پی دراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: پاش گیانلەدەستدانی هەژار، بنەماڵەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان تاکوو لە بەمیدیاییکردنی هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بگرن. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵیان داوە پێش بە ڕێوڕەسمی خاکسپاردن و سەرەخۆشیی هەژار بگرن و بەهۆی بەشداریی زۆری خەڵک نەیانتوانیی هیچ کارێک بکەن، بەڵام لە دوورەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێوڕەسمەیان داوە. کە دواتر بنەماڵەکەی ناچاربوون ڕێوڕەسمی سێ ڕۆژە و حەفتەی سەرەخۆشیی ژورەکەیان و بە نهێنی بەڕ‌ێوە ببەن.

سەرچاوەی ئاگادار کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سەر بنەماڵەی هەژار درێژەی هەیە و ئەو ناوەندە باوکی هەژار سەعیدزادە و چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بانگهێشتی ئیتلاعات کردوون.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەکەی لەو باوڕەدان کە کوڕەکەیان لە ئەنجامی ئازار و ئەشکەنجە و گوشاری دەروونیی زۆر تووشی جەڵتەی دڵ بووە.

ئەبووبەکر (هەژار) سەعیدزادە، ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ١٠ی شەو، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە خەڵکییەکانی مەهەباد، لە ناوچەیەک بەناوی "کانی سۆفی‌ڕەش"ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوێزرا.

ناوبراو پاش ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران بە لێوەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و هەڕەشەکردن لە باوکی بە دانی ١ میلیارد تمەن سزا لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەر جۆرە کردەوەیەک، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ئازاد کرا.

 ناوبراو لەو ماوەیەدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ئەبووبەکر (هەژار) سەعیدزادە، کوڕی خەیاڵ و حەسەن، لە دایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٩، کرێکار و خەڵکی شاری مەهاباد بوو.

ناوبراو خێزاندار و باوکی کچێکی تەمەن ٩ ساڵە بە ناوی "هێلیا"یە.

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە