تەورێز؛ تەوحید دەروێش بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە و دانی ٥ میلیارد تمەن خەسارەت بە بانک مەحکووم کرا

11:05 - 21 بەفرانبار 2722

تەوحید (لوقمان) دەروێش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "گرناوێک"ی بەشی قوتووری شاری خۆی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی تەورێزەوە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەهواز و دانی ٥ میلیارد تمەن خەسارەت بە بانک، مەحکووم کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا بە سەر ئەو هاووڵاتییەدا داسەپاوە و تەوحید دەروێش ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا، ئەو هەواڵەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

ماوەیەک پێش، مەسعوود شەمش‌نژاد، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری ڕایگەیاند: لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری تەورێز لە وەرگرتنی بریگرتە بۆ دۆسییەی تەوحید (لوقمان) دەروێش، ڕێگری کردووە.

تەوحید (لوقمان) دەروێش، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر لە شاری تەورێز دەسبەسەر و لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارەوە، بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بەهۆی بەشداری لە ئاگردانی یەکێک لە بانکەکانی شاری تەورێز دەسبەسەر کردووە و بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجەیان دابوو.

 دادگا بە هۆکاری ئەمنییەتی دژایەتیی لەگەڵ وەرگرتنی پارێزەر بۆ دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە کردبوو.

تەوحید دەروێش تەمەن ٢٧ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و شوفیری ئێسنەپە. بنەماڵەی دەروێش پاش بوومەلەرزەی ڕەشەمەی ١٣٩٨ و لەدەستدانی خانووەکەیان ناچار بە بەجێهێشتنی گوندەکەیان بوون و لە شاری خۆی نیشتەجێن.