کرماشان؛ سێ چالاکی مەدەنیی یارسان بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:55 - 13 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، سەیدئەمین عەباسی، سەیدسروش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە و کەفاڵەت لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کران.

سەیدئەمین عەباسی بە دانانی بارمتە و سەیدسروش و سەیدکەرەم عەباسی بە دانانی کەفاڵەت، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ئازاد کران.

ئەو سێ چالاکە پاش ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی کاتی لە زیندانی دێزڵاوا بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرابوون.

سەیدئەمین عەباسی، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سەید سروش عەباسی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری سەحنە بۆ کرماشان، لە خاڵی پشکنینی بێستوون لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها سەید کەرەم عەباسی لە چالاکانی یارسان خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە، لە شوێنی نیشتەجێبوونی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرابوو و دواتر مانی لە خواردن گرتبوو.

وێنە لە ڕاستەوە و بۆ چەپ: سەید سروش، سەید کەرەم و سەید ئەمین عەباسی