چارەنووسی مامۆستایەکی کورد پاش دەسبەسەرکرانی ناڕوونە
سەرەڕای تێپەڕینی ٥٢ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە بارودۆخی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابروودا، بنەماڵەی ئەو مامۆستا ئایینیە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی حکوومەتیان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونیان دەست نەکەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بنەماڵەی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، پاش بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی مامۆستا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بێڕێزیان پێکراوە.
مامۆستا محەممەد خزرنژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری بۆکان، دەسبەسەر کران.
دەسبەسەرکرانی ئەو مامۆستا ئایینیە کوردە پاش لێدوانی لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەسعەد ئەحمەدی، یەکێک لە گیانلەدەستداوانی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکان، ڕووی دابوو.