مانگرتنی ١٠ خۆپیشاندەری ئاودانان و دێهلۆڕان لە زیندانی ئیلام

11:08 - 20 بەفرانبار 2722

لە ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانبارەوە، ١٠ هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی شارەکانی ئاودانان و دێهلۆڕان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەمەڕ بارودۆخی نالەباری زیندان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەیان، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام، دەستیان داوەتە مانگرتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمەڕ بارودۆخی دەسبەسەرکراوە ناڕازییەکانی ئاودانان و دێهلۆڕان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند: ئەشکان ئەحمەدی، سامان مورادی وەندان، موجتەبا محەممەدوەلی، سامان قاسمی، میلاد ئەنساری، پوویا مەحموودنژاد، ڕامین سەلمانی و سەجاد جەماڵی، خەڵکی ئاودانان و ئەکبەر دەروێشی و ئەمیر ئەکرەمی خەڵکی دێهلۆڕان، ئەو ١٠ کەسە ناڕازییەن کە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێندێک لە ناڕازییانی مانگرتووە، زیاتر لە سێ مانگە بە شێوەی ناڕوون لە دەسبەسەریدان.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بەرپرسانی قەزایی بە بیانووی جۆراوجۆر، ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەو ١٠ خۆپیشاندەر دەسبەسەرکراوانە، دوا دەخەن.

ئەو ١٠ هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئاودانان و دێهلۆڕان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.