مەهاباد؛ هێدی نازمی و پەیمان مەنسووری بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:02 - 20 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانبار، هێدی نازمی و پەیمان مەنسووری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.