حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی خەڵکی ورمێ و پیرانشار لە کەرەج و بەندەرعەباس جێبەجێ کرا

21:50 - 19 بەفرانبار 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "ڕەشید لەوەندپوور خدری" و "خالق خزرزادە" خەڵکی ورمێ و پیرانشار، لە زیندانەکانی کەرەج و بەندەرعەباس، جێبەجێ کرا.

ڕەشید لەوەندپوور خدری کوڕی سیاوەش خەڵکی گوندی "خەرەگۆش" سەر بە شاری ورمێ، چەند ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە سڕکەرەکان" دەسبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج، کرابوو.

خالق خزرزادە تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی عومەر خەڵکی گوندی "کانی بوداغ" و دانیشتووی شاری پیرانشار، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە سڕکەرەکان" دەسبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە چەند ڕۆژ پێش بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ڕەشید لەوەندپوور و خالق خزرزادە