دوو مامۆستای خەڵکی شارستانی "سۆنقۆر" زیندانییان بەسەردا سەپێندرا

09:51 - 19 بەفرانبار 2722

"عەلی حوسێن شەمایلی" کوڕی "لوتفوڵڵا" و "کەیوومەرس واعزی" کوڕی "حوسێن"، دوو مامۆستای خەڵکی شارستانی سۆنقۆر و کۆلیایی لەلایەن لقی دوو دادگای ئینقلابی کرماشانەوە، زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

  دادگا هعەلی حوسێن شەمایلی بە تۆمەتگەلی "پڕوپاگەندا دژی نیزام" بە دە مانگ زیندان، "بێڕێزیکردن بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندان و "هاندانی خەڵک" بە چوار ساڵ زیندان، مەحکووم و کەیوومەرس واعزی بە تۆمەتی "پرۆپاگەندا دژی نیزام " بە ساڵێک زیندان و "هاندانی خەڵک" بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

ئەم حوکمانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە ئەم دوو مامۆستا کوردە ڕاگەیەندراوە.

دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم دوو مامۆستایە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود نووری" بەڕێوە چووبوو.

ئەم دوو مامۆستایە ڕەزبەری ئەمساڵ لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

وێنە لە ڕاست بۆ چەپ: عەلی حوسێن شەمایلی و کەیوومەرس واعزی