سیاوەش حەیاتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرا
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بەفرانبار، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هەتا ئێستا ڕێگرییان لە ئازادکردنی سیاوەش حەیاتی بە دانانی بارمتە کردووە.
ڕۆژی ٩ی سەرماوەز، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێکانی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی ئازادکراو لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر لە کرماشانەوە چووبوونە شاری سەحنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ کرماشان لە خاڵی پشکنینی بێستوون، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و ئازا و ئەشکەنجە درابوون.
هەروها سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر، لە گوندی "ورگمە"ی شاری داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.
حەیاتی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەر، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بۆ زیندانی دێزڵاوای ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
دواتر وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی مەدەنیی یارسان، لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان جێگیر لە شاری شاباد، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دژبەری حکوومەت و هاندانی بنەماڵەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و بە زاڵمناساندنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٥۰۰ی یاسای سزای ئیسلامی، ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان سیاوەش حەیاتی، "هاندانی خەڵک بە کوشتن و شەڕکردن بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی ئێران" بووە کە دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەپاندنی ئەو تۆمەتە بە پشتبەستن به ئەسڵی ۳۷ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، سیاوەش حەیاتیی بە بێتاوان ناساند.