گواستنەوەی پەرهام پەروەری لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە

16:30 - 16 بەفرانبار 2722

ئەندازیار پەرهام پەروەری، تۆمەتبار بە "موحاربە" و خەڵکی شاری سەقز، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار، پەرهام پەروەری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هەواڵی ڕاگواستنی خۆی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانبار، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەو هاووڵاتییە درابوو.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤینەوە بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.