ڕەحمەت ئابجامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا

17:30 - 15 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەحمەت ئابجامە" خەڵکی مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە، کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە دوو ساڵ و ٨ مانگ زیندانی مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ دوو ساڵ کەم کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ، ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی "ئیستقلالـ"ـی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

 هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ڕژاونەتە ماڵەکەی و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ڕەحمەت ئابجامە خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.