سێ مامۆستا بەهۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانەوە بانگهێشتی ئیتلاعات کران

10:35 - 11 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا ئەسعەد حەسەنی، پێشنوێژی مزگەوتی "خورینج" و مامۆستا فاروق یووسفی، پێشنوێژی مزگەوتی "کەڵەکین"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و  لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

هاوکات لەگەل بانگهێشتکردنی ئەو دوو مامۆستا کوردە، مامۆستا ڕەسووڵ ئەحمەدنژاد، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "باڵخچی" سەر بە شاری نەغەدە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

ئەو سێ مامۆستا کوردە بەهۆی پشتیوانی لە خۆپێشاندانە خەڵکییەکان و واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکان، بانگهێشت کراون.

ئەو سێ مامۆستا ئایینیە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ئازاد کراون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مامۆستا فاروق یووسفی، مامۆستا ڕەسووڵ ئەحمەدنژاد و مامۆستا ئەسعەد حەسەنی