سنە؛ دوو مامۆستای ئایینیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کران

16:28 - 10 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعەی چواریاری نەبیی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعەی گوندی نەنەڵەی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو دوو مامۆستا کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە جاددەی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بەهۆی داکۆکی‌کردن و پشتیوانی لە خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، بۆ ڕۆژانی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان و سێشەممە ١٨ی ڕێبەندان، بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەو دوو مامۆستا کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.