بۆکان؛ سروش موعینی‌فەر بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

11:58 - 10 رێبەندان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، سروش موعینی‌فەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن لقی ١١٠ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەو شارە، بە ٣ ساڵ زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە کە لەم دواییانەدا، لەلایەن لقی ١١٠ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری بۆکانەوە بە سەر ئەو هاووڵاتییەدا، سەپاوە و پێی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" و "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، سەرجەم بە ٣ ساڵ زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کراوە.

بە پشتبەستن بە ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا، واتە ساڵێک زیندانی بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپێندراوە و جێبەجێ دەکرێت.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار، بەڕێوە چووبوو.

سروش موعینی‌فەر ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش دوو ڕۆژ بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.