حوکمی زیندانیکردنی کەیۆمەرس واعێزی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

11:53 - 10 رێبەندان 2722

حوکمی زیندانیکردنی کەیۆمەرس واعێزی، مامۆستای خەڵکی سونقووڕ و کولیایی، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەو مامۆستایە بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی ڕایگەیاند: بە ٢٧ ساڵە پێشینەی کارەوە، بەپێی بڕیاری هەیئەتی سەرپێچییەکان، بە زۆر خانەنشین کرام.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لە کوێی جیهان لەگەڵ هاووڵاتییەک کە تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکیی هەبووە بەو شێوەیە هەڵسوکەتی ناشیاو دەکرێت.

ئەو مامۆستا کوردە هەروەها لە درێژەدا، دەڵێت: من کە لە شەقامەکاندا نەبووم هەتا تۆمەتی ئاژاوەگێڕی بدەنە پاڵم، پێمان بڵێن دەربڕینی ناڕەزایەتی چۆناوچۆن و لە کوێ قەبووڵ دەکەن.

بەوتەی کەیۆمەرس واعیزی، لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشتی زیندانی سونقوور دەکرێت.

کەیۆمەرس واعێزی کوڕی حوسێن، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو مامۆستایە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود نووری" بەڕێوە چووبوو.

کەیۆمەرس واعێزی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تێپەڕینی ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەری لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ئازاد کرابوو.