فریشتە مەنسووری بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

10:31 - 10 رێبەندان 2722

فریشتە مەنسووری، هاووڵاتیی ناڕازیی کورد لەلایەن لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

فریشتە مەنسووری سەرەڕای سەرپەرەستیی منداڵەکەی، سەرپەرەستیی بنەماڵەکەیشی دەکات، دادگای پێداچوونەوەی ئیلامی بەبێ تاوتوێکردنی دۆسییەکەی و دەستپێڕانەگەیشتن بە پارێزەر، ٦ مانگ زیندانی بە سەر ئەو ژنە هاووڵاتییەدا سەپاندووە و ئەو حوکمەش دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەرئاوڵەی ئیلامەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی ناوخۆ"، بەپێی مادەی ١٣٤ی سزای یاسای ئیسلامی بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.

فریشتە مەنسووری لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە، دەسبەسەر و پاش دوو حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٥٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی، ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها لە ساڵی ١٣٨٨ لە شاری تەورێز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی تێرمێک لە خوێندن هەڵسپێردرابوو.

فریشتە مەنسووری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٨ دەسبەسەر و لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای شاری سەرئاوڵە، لە ژێرگوشارەوە دەستی بە نووسینی تۆبەنامە کردبوو.