سنە؛ ئیدریس مینبەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:15 - 10 رێبەندان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندان، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی "نۆژین"، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی هەتا کاتی دادگاکەی بە شێوەی کاتی لە دەسبەسەری ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و هەتا ئێستا لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی "نۆژین" لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەز، ئیدریس مینبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا، گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، ئیدریس منبەری لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرابوو.