بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی شێرزاد ئازەربەرزین لە زیندانی نەغەدە

09:57 - 9 رێبەندان 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرزاد ئازەربەرزین" تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی شاری پیرانشار، لە دۆخێکی ناڕووندا لە زیندانی نەغەدە، ڕاگیراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەز، شێرزاد ئازەربەرزین، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری پیرانشار، بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو لاوە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.