نازیلا مەعرووفیان بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، سزای نەختی و ٥ ساڵ نەچوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم کرا

09:48 - 9 رێبەندان 2722

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی عەلامە باسی لە مەحکوومکرانی خۆی لە لاپەڕەی تویترەکەی کرد و نووسیویەتی: بەپێی بڕیاری لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە تۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندەیی لە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی، لە ڕیگای بڵاوکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ باوکی مەهسا ئەمینی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ ملیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ نەچوونەدەرەوە لە ئێران، مەحکووم کرام.

ناوبراو هەروەها نووسیویەتی: هەڵبەتە ئەو حوکمە بەبێ بەڕێوەچوونی دادگا و داکۆکییەکانی من بووە و حوکمی ٢ ساڵ زیندان بۆ ماوەی ٥ ساڵ، موعەلەقە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانبار، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆی عەلامە، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو ڕۆژنامەنووسە خەڵکی سەقزە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر، لە پەیوەندی لەگەڵ وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.