قوروە؛ کەژوان قادرمەرزی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:30 - 8 رێبەندان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەژوان قادرمەرزی" خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی کەژوان قادرمەرزیان دەسبەسەر کردبوو.

مێهرداد قادرمەرزی، بەرنامەنووس و برای کەژوان قادرمەرزی، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی مێهرداد دەستیان بە سەر مۆبایل و لەپ‌تابەکەی ئەو هاووڵاتییە و مۆبایلی باوکی و براکەی و ماشینەکەیاندا گرتبوو.

پاش بەدواداچوونی بەردەوامی باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنەوەی ماشینەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان مەرجی دانەوەی ماشینەکەیان بە ڕادەستکردنی کەژوان بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاندبوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو برایە، زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.